Bayan Azizi 1 گەشەکردنی مرۆیی و کورسیی بەتاڵی ژنان لە سیاسەتدابەیان عەزیزی: جاڕنامەی گەشەسەندنی هەزارە لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکه گرتووەکانەوە لە سێپتامبێری ساڵی ٢٠٠۶ و بە ئیمزا کردنی ١۴٧ وڵات و ١٩١ نەتەوەی جیهان پەسند کرا. بابەتێک کە ئەو گشتە وڵات و نەتەوەی لە یەک کۆکردەوە و بوو بە یەکێک لە گرنگترین دەقە یاساییەکانی جیهان، هەوڵێکی بەردەوامە بۆ داڕشتنەوە و بەدەستهێنانی بنەماکانی گەشە کردن لە هەموو بوارەکاندا. یەکێک لە بنەرەتی ترین بناغەکانی ئەم گەشە سەندنەش گەیشتن بە دێمۆکراسی و یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتییە. هەروەک سەرۆکی ئەوکاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان”کوفی عەنان” لە یەکێک لە لێدوانەکانی ٢٠٠۴ دا ئاماژە بەوە دەکات کە پەرە سەندن بێ لە بەرچاوگرتنی ئازادی، دیمۆکراسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی ئەستەمە و رێگە ناباتە هیچ شوێنێک و هەموو نەتەوە و تەمەن و جنسیەت و ئایین و جوغرافیا وجیاوازیە فەرهەنگیەکان دەگرێتەوە.

 

گەشەکردنی ئابووری یان مرۆیی

ئالێن تۆماس باس لە پێناسە زۆر و بەربڵاوەکانی گەشە کردن دەکات ؛ هەر باسکردنێک لە گەشە کردن بریتییە لە مەبەستە سیاسییەکان، بایەخ و تیوری کۆمەڵایەتی و سیاسی و حقووقی تایبەت بە خود کە هەندێکیان پێکەوە دژایەتییان هەیە یان هاوتەریبن و ئەم پێناسانەش بە پێی مەبەست و ئامانجەکانیان ئامێرە تایبەتەکانی خۆیان دەستەبەر دەکەن. Thomas,2000:23)). لەم مەجالەدا دەرفەتی باسکردن و پێناسەی هەموو ئەو بابەتانە نییە. هەربۆیە بە کورتی ئاماژە بە دوو پۆلینکاریی گشتی دەکرێت.  گەشە کردن لەسەر هەڵکشانی ئابووری، گەشەی ئابوور تەوەر، کە جەخت دەکەنە سەر وەبەرهێنانی نەتەوەیی GDP یان وەبەرهێنانی ناوخۆیی GNP و دیکەی پێوەرە ئابووریەکان هەروەهالە لایەکی دیکەوە گەشە کردن لەسەر بنەمای مرۆیی واتە گەشەی مرۆڤ تەوەر. لە روانگەی دووهەمدا کەسەکان و رێکخراوەکان و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە گۆشە نیگای بابەتە کۆمەڵایەتی و پێداویستییەکانی ژیانی گشت لایەنەی مرۆڤەوە سەیری پرۆسەی گەشە سەندنیان کرد. سەنتەری سەرنجەکانیان لە بەرزبوونەوەی گەشەی ئابووری گۆڕی بۆ مرۆڤ. دەیڤید کورتێن یەکێکە لەدیارترین روخسارەکانی ئەم وەرچەرخانەیە کە گەشە سەندنی مرۆڤ تەوەری لە بەرامبەر گەشەی ئابوور تەوەر بەرجەستە کردەوە. ئەو و دیکەی پەیرەوەکانی باسیان لەوە کردووە کە واتای گەشە سەندن بریتییە لە وەدیهێنانی تواناییە ناوەکیەکانی مرۆڤ و کردنیان بە بایەخێکی جیهانی. گەشە سەندن لێرەدا نە تەنها بە واتای چوونەسەرەوە کوالیتەی ژیانی مادی، دەرفەتەکان و بارودۆخی ژیانە بەڵکوو گشت مافە مەدەنی و کۆمەڵآیەتی و سیاسییەکانیش لە خۆ دەگرێت. واتە گەشە سەندن لەسەر بنەمای پێویستییەکانی مرۆڤ Human-needs Centered. دێمۆکراسیزیۆنی ژیانی سیاسی مرۆڤ بە گشت چەمکەکانیەوە کە هەندێکیان بریتیین لە یەکسانی، ئازادی هەڵبژاردن، ئیمکانی بەشداریکردن لە پرۆسەی حوکمرانی و بەشداریی لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و هەبوونی گشت بناغەکانی ژیانی مەدەنی لە ریزی ئەم گەشە سەندنەن لەسەر بنەمای مرۆیی.

 

پێوەری گەشە سەندن لەسەر فاکتەری یەکسانی جنسیەتی

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان یەکسانی جنسیەتی بە یەکێک لە گرنگترین ئامانج و پرۆگرامەکانی خۆی دیاری کردووە و لە جاڕنامەی گەشە کردنی هەزارەشدا بە تەواوەتی جەخت لەسەر ئەم فاکتەرە کراوە. هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئەم دەقە یاساییەیان تۆمار کردووە بەرپرسیارن لەوەی کە خاڵەکانی ئەم دیکۆمینتە رەچاو بکەن و لە ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتییدا بوار بۆ وەدیهێنانی مەبەستەکانی برەخسێنن. یەکێک لە پێوەرەکانی گەشە کردنی هەر وڵاتێک رێژەی بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنانە لەو وڵاتەدا کە بەشێکی گرنگن لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک. بەشداریی سیاسی لە ساکارترین پێناسەدا هەروەک ئابرامسۆن باسی لێدەکات بریتییە لە : دەرفەتەکانی خەریک بوونی ژمارێکی زۆر لە هاوڵاتییان لە ناو پرۆسەی سیاسەتدا و دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیان کە دەبێتە جەمسەر و خاڵی کۆبوونەوەی ستراکچیری سیاسی و فەرهەنگی هەر وڵاتێک. پێوەندیەکی مانادار هەیە لە نێوان یەکسانی جنسیەتی لە هەر وڵاتێکدا و رێژەی بەشداریی سیاسی ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا کە خۆی بەرهەم هاتووی دیکەی فاکتەرە پەیوەندیدارەکانە.  

 

 zanan Election 1 گەشەکردنی مرۆیی و کورسیی بەتاڵی ژنان لە سیاسەتدا

 

بەشداریی سیاسی ژنان و بەشێک لە ئامارەکانی

ئیدارەی گەشە سەندنی مرۆیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتی کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ ی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێوان وڵاتانی جیهاندا بەشداریی سیاسی ژنان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە خوارەوەترین رێژەکاندایە. لەم بەستێنەدا ئێران پلەی ١٠٩ ی هەیە لە نێوان ١١۵ وڵاتدا و رێژەی هەبوونی ژنان لە ناو پەرلەماندا لە ئاستی جیهان ١٩% کە ژمارەیەکی کەمە بەڵام خاڵی نگەتیڤ و زەق ئەمەیە کە رێژەی ئامادە بوونی ژنان لە ناو پەرلەمانی ئێراندا لە ساڵانای پاش شۆرشی گەلان بە شێوەی مام ناوەندی دەگاتە ٢%. لە باشترین بارودۆخدا رێژەی ئامادەبوونی ژنان لە ناو پەرلەماندا کە ئەویش دەگەرێتەوە بۆ تایبەتمەندیەکەی پەرلەمان کە لە رێگەی دەنگدانی خەڵکەوە دیاری دەکرێن، هەرگیز لە ۵% بەرەوسەرتر نەچووە. ئەو رێژەیە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی بەرنامەی چوارەمی گەشە سەندنی ئێران کە جەخت کرابووە سەر یەکسانی موچە، لابردنی هەڵاواردن دژ بە ژنان، زیادکردنی دەرفەتی کار، دەرفەتی خوێندنی کچان، چالاکی و زیاد بوونی ژمارەی رێکخراوە نادەوڵەتیەکان، سڕینەوەی توند و تیژی دژ بە ژنان و دیکەی فاکتەرە مرۆیی و جنسیەتیەکان. سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداریی سیاسی ژنان دەبێ ئەوە باس بکرێت کە لە گشت ئەم ساڵانەدا ژنان لە قەبارەی دەنگدەرانێکی بێ دەنگ و پەسیو ئامادە بوون و ماکزیمۆمی چالاکی سیاسی ئەوان بانگەشە بۆ کاندیدەکانی هەڵبژاردن بووە یان ئامادەبوونیان لە دەڤەرە کانی هەڵبژاردن یان لە رۆژی دەنگداندا و لە تەنیشت سندووقەکانی دەنگدان. ئەوان خاوەنی کەمترین رێژەی بەشداریی چالاک و بوون لە ناو پۆستە هەستیارەکاندان بە شێوەیەک کە پەرلەمانی ئێران ستراکچێرێکی پیاوانەی هەیە و ئەو ژمارە زۆر کەمەی ژنانی ئەندام پەرلەمان نەیتوانیوە درز بکاتە ناو ئەم سیستمەوە پیاوسالارانەوە. لە ناوچە کوردنشینەکاندا رێژەی ئامادەبوونی ژنانی کوردستان لە تەواوی ئەم ساڵانەدا دەگاتە سفر. واتە هیچ کات و بە هیچ شێوەیەک هیچ نوێنەرێکی ژنی کورد لە ناو پەرلەمانی ئێراندا ئامادە نەبووە. ئەم بابەتە گرنگ و ئاڵۆزە لە لایەکەوە کۆی کۆمەڵگە دەباتە ژێر پرسیارەوە و لە لایەکیترەوە ئەم پرسیارە دەهێنێتە ئاراوە کە هۆکارەکانی وەها غیابێکی میژوویی ژنان چین و بەربەستەکانی بەشداریی سیاسی ژنان کامانەن؟ ئایا بەوەها ژمارەیەکی “سفر” ەوە دەتوانین پاساو بۆ گەشە سەندوویی کۆمەڵگە بهێنینەوە؟

 

بەربەستی یاسایی بۆ ژنان؟

پەرلەمانی ئێران کە بناغەی داڕشتنی یاسایە لە ساڵی١٣۵٨دا لەشێوازی سیستمێکی دارێژەری یاسا و تاک مەجلیس دامەزرا. لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا هیچ مەرجێک بۆ جنسیەتی ئەندام پەرلەمانەکان نابیندرێت و هیچ جۆرە نایەکسانیەکی جنسیەتی بوونی نییە. مافی دەنگدان و مافی خۆکاندیدکردن و مافی ئەندام بوون لە ناو پەرلەماندا بۆ ژنان و پیاوان بە یەکسانی پارێزراوە. ئامارەکان ئەوەمان پیشان دەدەن کە لە نێوان دەنگدەرانی ژن و پیاوادا جیاوازەیەکی وەها نابیندرێت و تەنانەت هەندێ جار دەنگدەرانی ژن زیاترن بەڵام لە نێوان ئەندام پەرلەمانی ژن و پیاوادا مەودا و جیاوازیەکی گەورە لە ئارادایە. بەشداریی سیاسی ژنان بۆ پۆستی کارامەی سیاسی نە تەنها هیوا بەخش نییە بەڵکوو گەشەی مرۆیی کۆمەڵگەش دەباتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر بە پێچەوانەی دیکەی بوارەکان، لە باری یاساییەوە هیچ بەربەستێک نییە بۆ بەشداریی جنسیەتی کاندیداکانەوە کەواتە هۆی ئەم ژمارە نگەتیڤە چییە؟ بە دەست نیشان کردن و دەرخستنی ئەم پرسە جیددیە دەکرێ بگەینە مەبەست و ئامانجی گشتی کە بریتییە لە بردنەسەرەوەی ئاستی بەشداریی سیاسی ژنان لە پۆستە سیاسییەکاندا و چوونە سەرەوەی ژمارەی ئەندام پەرلەمانە ژنەکان، وەها کە ئەوان راستەوخۆ چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان دیاری بکەن. لەدوای ئەم پرۆسەیە دەکرێ باس لە چوونەسەرەوەی نرخی گەشەی مرۆیی بکەیین. هێز و دەسەڵاتی راستەقینەی ژنان لە بەشداریی سیاسی ئەواندایە نەک تەنها لە چالاکی کۆمەڵایەتی و دوورکەوتنەوەیان لەم سەنتەرە سیاسیانە ئەوان لە ناوەندەکانی ئابووریش دوور دەخاتەوە. 

 

Zanan Majles 1 گەشەکردنی مرۆیی و کورسیی بەتاڵی ژنان لە سیاسەتدا

 

فاکتەرەکانی بەشداریی سیاسی ژنان

فاکتەرگەلێکی گرنگ کاریگەرن لەسەر ئەوەی کە رێژەی بەشداریی سیاسی لە کۆمەڵگەکاندا جیاواز بێت. بۆ وێنە پێگەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، یاسا، نەژاد، ئایین، ستراکچێری کۆمەڵگە، تەمەن و جنسیەت. هەرکات باس لە ژن دەکرێت بە شێوەی میکانیکی باس لەو رۆڵ و پێگەیە دەکرێت کە بۆ ژنان پێناسە کراوە و ئەوان بە وەرگری خزمەتگوزارییە سیاسیەکان دەبینن نەک وەک بریاردەری ناوەندی سیاسی. سیاسەت بە بابەتێکی پیاوانە دەزانن و ژنانیش لە ناو تەوەرەی ماڵ، خێزان و کلیشە جنسیەتییەکان. ئەم روانگەیە کە کاردکردخوازانەیە لەتیوریەکانی بیرمەندانێک وەک پارسۆنز و رابێرت بیلێن دا هاتووە سەبارەت بە جیاوازییە جنسیەتیەکان.  لێکچوونی زۆر هەیە لە نێوان وڵاتانی لە حاڵی گەشە کردندا و بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەراست کە خاوەنی کەمترین رێژەی بەشداریی سیاسی ژنانن لە بەشداریی سیاسی چالاکدا و هەروەها جیاوازی تایبەت بە هەر کام لەم وڵاتانە.

 

پێشینەی توێژینەوەکان سەبارەت بە رێژەیی بەشداریی سیاسی ژنان

بە نیگایەکی خێرا بۆ لێکۆڵینەوەکانی لیپسێت سەبارەت بەو پرسە گرنگە کە لە وڵاتانی ئالمان، سوئید، فەنلاند و نۆروێژ ئەنجامی داوە ئەوە نیشان دەدات کە پیاوان زیاتر لە ژنان، دانیشتوانی شار زیاتر لە گوندەکان، خوێندەوارەکان زیاتر لە نەخوێندەواران، خێزاندارەکان زیاتر لە کەسانی زگورتی، تەمەنی سەروتر لە ٣٠ زیاتر لە دیکەی تەمەنەکان بەشداریی چالاکی سیاسیان هەیە. هەروەها کەسێک وەک دی. ال. شیت جەخت دەکاتە سەر فاکتەرەکانی پیشە، داهات ورادەی خوێندەواری و هەروەها بەشداریی لە ناو حزبە سیاسیەکاندا. دەیان توێژینەوەی دیکە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کراوە کە ئاماژە دەکات بە رێژەی بەشداریی سیاسی ژنان لەو ناوچانەدا. بۆ وێنە کەسێک وەک حەمانە حەداد ئاماژە بەوەدەکات کە ژنان زیاترین رێژەی بەشداری سیاسیان بووە لە بەهار عەرەبییدا و زیاترین قوربانیان داوە بەڵام پاش ئەوە لە پرۆسەی بەشداریی چالاکی سیاسیدا و لە پێگەی پۆستە بنەرەتییە سیاسیەکاندا کەمترین دەستکەوتیان بووە.  لە ئێراندا محەمەد عەبدولاهی توێژینەوەیەکی گرنگی ئەنجام داوە بە ناوی هۆ و بەربەستەکانی بەشداریی مەدەنی ژنانی ئێران کە ئاماژەیەکیش دراوە بە بەشداریی سیاسی و لەوێدا نیشانی داوە کە پلەی ئابووری خێزانەکان رۆڵێکی گرنگی هەیە لە رێژەی بەشداریی سیاسی ژناندا. سەید مەحموود قازی تەباتەبایی، عەلیرەزا موحسنی و سەید هادی مەرجایی بە پێشنیاری ناوەندی کاروباری ژنان لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتدا و لە ئاستی ٢٨ پارێزگا لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاویان ئەنجام داوە. لەو پرۆژەیەدا جەخت کراوەتە سەر پێنج لایەن و فاکتەری گرنگ وەک هۆکاری سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، خێزانی و روانین بۆ تایبەتمەندی حکومی و رۆڵی گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان. هەروەها خوازە و بزوێنەرە دەروونی و تاکیەکانی ژنان. لە ناوچە کوردنشینەکان و لەم ساڵانەدا توێژینەوەیەکی بەربڵاو کە بتوانێت لایەنەکانی بەشداریی سیاسی ژنان بە گشتی و هۆکانی ئەم ژمارە سفرەی بەشداریی ژنان لە ناو پۆستە گرنگەکاندا پیشان بدات بەر چاو نەکەوت.

 

هۆکارو بەربەستەکانی رێژەی سفری ژنان لە کوردستاندا

لەبەر نەبوونی هیچ توێژینەوەیەکی متمانە پێکراو سەبارەت بە بەشداریی ئەکتیڤی ژنان لە ناو سیاسەتدا ولێرەدا ناچار دەبین بە شێوەیەکی بەربڵاو و گشتی باس لەو هۆکارە لۆکاڵ و تارادەیەک درێژخایەنانە بکەیین کە بوونەتە بەربەست و هۆکارێکی گرنگ بۆ لەخوارەبوونی وەهارێژەیەک. هیوا ئەوەیە کە بە ناسینی ئەم رەگ و ریشانە بکرێت رێگە چارەکانیش لە ناو هەمان بەربەستدا و لە کوردستاندا ببیندرێتەوە. – رێ و رەسم و داب و نەریتە پیاوسالارانەکان کە وەبەرهێنەری هەمان کلیشە جنسیەکانن کە ژنان لە چالاکی و ئەکتەری سیاسی بوون دوور دەخەنەوە. ئەم فەرهەنگە لە ناو کوردستاندا لە زەمەنێکەوە بۆ دوایی و لە جیلێکەوە بۆ جیلی دیکە دەگوازرێنەوە. – جیاوازی نێوان رێژەی خوێندەواری ژنان و پیاوان لە ناوچە کوردنشینەکاندا. ئامارەکان ئەوەمان پیشان دەدەن کە تەنها لە کۆتایی دەیەی ٧٠ دایە کە نرخی خوێندەواری ژنانی کورد بەرەو هەڵکشان دەچێت. هەرچەند لە دەیەی ٩٠ دا ئەم رێژەیە هەڵکشانێکی زۆری بە خۆوە بینیوە و زۆر جار خوێندکارانی کچ لە زانکۆکاندا ژمارەیان زیاترە لە کوڕان بەڵام زاڵبوونی وەها رێژەیەک لە چەند دەیە لەوە پێشەوە کاریگەریەتی خۆی داناوە. – مۆنۆپۆل کردنی سیاسیەت لە لایەن پیاوانەوە. ئەوان ئامادە نەبوون کە ژنان لە تەنیشت خۆیانەوە لەم پۆستانەدا ببینن و بەردەوام ئەم روانگەیان پتەوتر کردووە کە سیاسەت بابەتێکی پیاوانەیە. تەنانەت بنەماڵە سیاسییەکان کە پێشتر پێگەی قاییمیان لە ناو کۆمەڵگەدا هەبووە، لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا کاریزما و پێگە و دەسەڵاتی خۆیان تەرخان کردووە بۆ پیاوانی ئەو بنەماڵەیە و ریسکیان بۆ پێگەیاندنی ژنانیان نەکردووە. – نایەکسانی لە دەرفەرتی کار و پیشە و نەبوونی بەربڵاوی مافی هەڵبژاردنی کار بۆ ژنان. کوردستان بە پێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران لە ١٣٩۴ دا خاوەنی رێژەی ١۶. ١% بێکارییە لە ئاستی ئێراندا کە دەبێتە پلەی دووهەم دوای لورستان. هەروەها کەمترین مەساحەی شوێنە پیشەییەکانی هەیە کە دەرفەتی کار دروست بکات. جۆری کارە نائیدارییەکان بە هۆی بوونی دوو شاری سەر سنوورەوە واتە بانە و مەریوان دەگەرێتەوە بۆ بازاری قاچاغ و کراوەی ئابووری کە لەوێدا ژنان بەشیان نییە و دەرفەتی کار بە هۆی هەمان فەرهەنگی پیاوسالارانەی کۆمەڵگە قۆرغ دەکرێتەوە بۆ پیاوان. – نەبوونی ئۆلگوو یان روخسارێکی هاوشێوەی سیاسی.  ژنان هاوشێوەیەکیان نەبووە کە بتوانن لە دەرفتەکان کەڵک وەرگرن و ئەزموونی وەها سەمبۆلێک بگوازنەوە بۆ سات و شوێنی خۆیان. ئەوەی باس دەکرێت هەبوونی ژنانی لیدەری سیاسی یان سوپاییە لە چەندین دەیە لەوە پێش کە ناکرێ بۆ سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستا کەڵکی لێوەرگیرێت. جیاوازی لەگەڵ ناوەندی ئێران یان دیکەی پارێزگاکان لە باری زمان و ئایین و دیکەی فاکتەرە گرنگەکان لە لایەک و جیاوازی هەڵبژاردن لە کوردستانی عیراقدا کە زۆربەی ژنان لە سیستەمی “کۆتا” کەڵک وەردەگرن نەک کفایەت و توانایی خۆیان بوونەتە هۆی ئەوەی کە ژنان لەم جوغرافیادا هیچ نموونەیەکی پێشوویان نەبێت بۆ چاولێکردن و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانیان. – مۆنۆپۆلکردنی میدیاکان، رۆژنامەکان، ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و سەنتەرەکانی رێکلام کردن بە شێوەی گشتی لە لایەن پیاوانەوە کە ئیزنی دیتنی روخسارێکی سیاسی ژنانە نادەن یان ئامادە نین ریسک بکەن. – لاوازی، بێ توانانی و بێ متمانە بوونی بەرپرسانی حزبە سیاسییەکان و ستراکچێری سیاسی بە ژنان. لە لایەنە رێفۆرم خوازەکانەوە کە ٨ ساڵ دەرفەتیان هەبووە هەتا حزبە نوێ و تازە پێگەیشتووەکان نەیانتوانیوە یان نەیانویستووە لەم ساڵانەدا هیج ژنێک لە ناوندی بریاری حزبی خۆیاندا و هاوشانیان پێ بگەیێنن یان پێگەی بۆ دابین بکەن. بوون لە ناو هەر حزبێکی سیاسیدا لە گرنگرتین هۆکارەکانی گەیشتن بە پلەی سیاسی و وانەی سەرکەوتنی سیاسیە لە هەڵبژاردنەکاندا بە تایبەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی. – ئەزموونی تاڵی تەئید نەکردنی کاندیداکان لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە. ئەزموونی گشت ساڵانی رابردوو نیشانی داوە کە مەرج و تایبەتمەندی و حەساس بوون بە نیسبەت ئەو کەسانەوە کە خۆیان بۆ ئەم پۆستانە کاندید دەکەن ئەوەندە زۆرە کە جۆرێک سنوور و بەربەست ساز دەکات. لەم نێوانەدا ژنان بە دیتنی وەها فەزایەک تا رادەیەکی زۆر بێ هیوا دەبن بەرامبەر بە رەوتی پاڵافتن و ترس لەوەی کە تەئید نەکرێن زاڵ دەبێت بەسەر خۆکاندیدکردندا. لە هەموو دەورەکاندا ئەم ژمارە سفرە دووپات بۆتەوە. هەربۆیە ژنان بە گشتی بەو قەناعەتە گەیشتوون کە یان فیلتەرەکان بۆ جنسی ئەوان گەلێک زیاترە یان ئەوەی کە کۆمەڵگە نایهەوێت لەم بوارەدا پشتیوانیی ژنان بێت و ئەوانیش ناتوانن بە تەنها بێنە وەها مەیدانێکەوە. – نەبوونی سەنتەر، رێکخراوی دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتی یان ناوەندی لێکۆڵینەوە کە بتوانێت توێژینەوە ئەنجام بدات سەبارەت بەم پرسە و بەربەست و هۆکارەکان لێک بداتەوە و هاوکات رێگە چارە دەست نیشان بکات. ئەم خاڵە ئەوە پیشان دەدات کە گرفتی ژمارەی سفر بۆ بەشداریی چالاکی سیاسی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکاندا لەم چەند دەیەدا نەبۆتە پرسێکی جیددی و لایەنەکان ئەوەندەی سەر قاڵبوون بە کاندیدە پیاوەکان و یارییە سیاسیەکان ئاوڕیان لەو غیابە نەداوەتەوە. – کۆنسێرڤاتیو بوونی چالاکی ژنان. نابێ نکولی لەوە بکەیین کە ژمارەیەک لە ژنان هەن لە ناو کۆمەڵگەدا کە خاوەنی سەربەخۆیی ئابووری و توانایی خۆ کاندیدکردن بوون بەڵام ئەوەیان بەلاوە گرنگتر بووە کە خۆ لەو بازنە دوور بخەنەوە و ئامادە نەبن هەنگاو بنێنە وەها کێبەرکێ و ماراتۆنێک. – بەشداریی کۆمەڵایەتی دژ بە چالاک بوونی سیاسی ژنان. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا و بە تایبەت لە دەیەی هەشتادا ژمارێکی زۆر لە رێکخراوە نادەوڵەتیەکان لە لایەن ژنانە وە یان بۆ پرسەکانی ژنان دامەزراون. وەها کە بە پێی ئامارەکانی پارێزگای کوردستان زیاتر لە نیوەی دامەزرێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان ژنانن. ئەم جۆرە لە بەشداری کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژمارە و وزە و کات و خوێندەواری و بودجەی ژنان تەرخان بکرێت بۆ وەها بوارێک و لەو سەنتەرانەدا ئێمە ئاوسانی ئامادە بوونی ژنانمان هەبێت.  لە حاڵێکدا کە لە ناوەندە سیاسییەکان ئێمە هێزی ئامادەی ژنانمان نەبێت. هەروەها هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە قەیرانی تایبەت بە ژنان و خێزان وەک بێکاریی، تەلاق، بەرپرسایەتی منداڵ، بە زۆر بەشوودان، ئێعتیاد و نەخۆشینە گوازراوەکان و دیکەی مەترسیەکان کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژنان بە کەمترین رادە ئاوڕ لە لایەنی سیاسی بدەنەوە و زیاترین هەوڵیان بۆ چاکسازیی کۆمەڵگە بێت نەک بەشداریی لە ناوەندەکانی بڕیاردانی سیاسی. – جیاوازی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوونی ژنان. لە ناو فەرهەنگ و بنەماڵەکاندا جیاوازی زۆر دەبیندرێت بۆ چۆنیەتی پەروەردەکردنی کچان و کوڕان و ناردنیان بۆ ناو کۆمەڵگە. ژنان نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی گشتی خەسار و بەدواهاتە نگەتیڤەکانی وەها پەروەردەیەک لە ناو خۆیاندا بسڕنەوە یان بە تەنها تەکنیکەکانی هاتنە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی فێر ببن و ئامادە بن وەرگری پۆستی گرنگ بن نەک وەرگی دەرفەتی بچووکی سیاسی. دەکرێ چەندین فاکتەری دیکە بەو باسانە زیاد بکرێت. ئەمە ناشاردرێتەوە کە هەموو ئەو خاڵانە پێویستیان بە دەیان لێکۆلینەوەی بەربڵاو لە تەواوی شارە و گوندەکانی کوردستان هەیە کە بە ئامار و دەرکەوتەی توێژینەوە پەردە لە هەموو لایەنەکانی ئەم گرفتە بداتەوە.  ئەم هەوڵانە دەبێ لەلایەن ناوەندە دەوڵەتی، ئایینی، نێودەوڵەتی و مەدەنیەکانەوە پشتگریی لێبکرێت. بێ گومان هەروەک لەسەرەتاوە باسی لێکرا گەشە کردنی گشت لایەنە لە هەر وڵاتێک و ناوچەیەکدا بێ بردنە سەرەوەی ئاستی بەشداریی ژنان لە تەواوی بوارەکاندا رێگە بۆ هیچ شوێنێک نابات. رێکخروای نەتەوە یەکگرتووەکان لە زۆربەی جاڕنامە و دێکۆمێنتەکانیدا ئاماژەی بەو رێگە چارانە داوە کە لە ئاستی نێودەوڵەتی، نەتەوەیی و ناوچەییدا چارەسەری ئەم پرسە دەکەن.