جه‌مال مه‌ڵایی: هەڵبژاردنی دەقێکی قورس وەکوو ئابلۆموف کە لە زانستی دەروونناسی‌دا بە ئابلۆمۆفیسم و ناچالاکی و بێکاری لەرادەبەدەر بەناوبانگە؛ ئەزموونێکی نوێیە لە گرووپی شانۆی «تیک تاک»ی سنە وەکوو دەرهێنەری ئەو شانۆیە چیت لەبەرچاو گرتبوو بۆ هەڵبژاردنی دەقێکی لەو چەشنە؟
– هۆی من وەکوو دەرهێنەر، بۆ هەڵبژاردنی دەقێکی لەو چەشنە لە کات و شوێنی دیاریکراودا، بێگومان بۆ لەگەڵ یەک گونجانی کێشە و گرفتێکە لە نێوان دەق و دونیای ئەمڕۆدا بوونی هەیە، ئەم کێشەیە هەر هەمان ناچالاکی و سست بوونە کە نموونەی لە نێو ژیانی واقعیدا هەیە، ناچالاکی و نابەرپرسیارێتی بەرەی لاو کە بەردەنگی سەرەکی ئەم شانۆیە بوون کە لە بارودۆخی ئێستاکەدا بوونی هەیە لەم بەرهەمەدا بە باشی پیشان درا، لە راستیدا ئەم دەقە رەخنەگرتن لە خۆیە.

 
* لەم دەقەدا ئابلۆموف کەسایەتێکی تەمەڵ و بێکارەیە و لە خەون و خەیاڵدا تل لێ دەدات، بەڵام کەسایەتیەکی بێ ئیرادە و لەش ویستە تا ئەو شوێنەی لە قورماری سستی و کات بەفێڕۆداندا دلبەرەکەی بە رەقیب دەدۆڕێنی، گومان لەوەدا نییە کە ئەم دەقە بۆ کۆمەڵگای رووسی نووسراوەو لە بەڕێوەبردنی دەقێکی لەو چەشنە پێویستە یەکسانی و گونجاندنی لەگەڵ بارودۆخی ژیانی کۆمەڵگای مەبەست و بەردەنگانی کوردستانی لەبەرچاو بگیردرێت، تاکوو بکرێ لە رێگەی ئەم شانۆەوە هەڵسووکەوتی کۆمەڵگا بخرێتە بەر رەخنە و لێکدانەوە. تۆ وەکوو دەرهێنەر تا چەندە گۆڕانت بەسەر ئەو دەقەدا هێنا؟
– ئێمە بەگۆڕانی زۆرەوە ئەو دەقەمان بردە سەر تەختەی شانۆ. بۆ نموونە هەندێ بەش وەلانراو هەندێ بەشی‌تر خرایە سەری. تەنانەت چەن کاراکتێر لە رۆمانەکەدا بوونی نەبوو (فرۆشیارانی ئەکاترینوف) ئێمە هێنامانە نێو شانوەکەوەو، هەندێ لەواتاکانی ناو رۆمان بۆ گونجیان لەگەڵ خوێندنەوەی نوێدا بەرجەستە کرانەوە، لە ئاکامدا تەنانەت هەندێ واتای نوێ وەکوو هۆگری بۆ بەکاربردنی کەلوڵەلە ئابوورییەکان لەباتی روانگەی پەرەسەندوویی کە لە رۆمانەکەدا هەبوو هاتنە نێو ئێجراکەوە. کەوابوو دەتوانین وەکوو وەرگرتنێک لە رۆمانەکەی بێنینە ئەژمار کە پشت ئەستوورە بە لێکدانەوەو خوێندنەوەی گرووپی شانۆەکەوە.

 
* لە واقیعدا ئابلۆموفیسم ئاماژە بەسستی و بێ ئیرادەیەک دەکات کە بەسەر مرۆڤدا دێت و ژیانیان لە هەرجۆرە‌مانایەک بەتاڵ دەکات تا رادەیەک کە لە پرۆسەی ئیجراکردنی ئێوەدا «کویلەیی ئەخلاقی» لە پێوەندی ئەرباب – رەعیەتی درووست دەبێت؛ لە روانگەی ئێوەوە ئابلۆمۆفیسم لە پێکهاتەی کۆمەڵگای ئێمەدا بوونی هەیە و ئێوە تایبەتمەندییەکانی ئەم ناچالاکی و سستییە لەچیدا دەبینن؟
– ئابلۆمۆف ناچالاکی کۆمەڵایەتی لێکدەداتەوە، پێویستە بڵێم بۆ ئەوەی بتوانین تێگەیشتنی باش و بەجێمان لە سستی و ناچالاکی بێت سەرەتا دەبێت چەمکی دژی ئەوە واتە کار لێکدەینەوە، هەربەراستی ئەو کەسەی لە روانگەی کۆمەڵگاوە نورماڵ دێتە ئەژمار (وەکوو ئوستولز لە رۆمانی ئەبلۆمۆف‌دا) کێیە؟ لەو کۆمەڵگایەدا کە بەتەواوەتی ویستی بەکاربردنی کەلوڵەلە ئابوورییەکان بوونی هەیە هەموو پێوەرەکان لەسەر ئەو بنەمایە دروست ئەبێت، سەرمەشقێک کە بە دروشمی (بەکاردەبەم کەواتە هەم) دروست بووەو ئوستولزیش نوێنەری ئەم مودیلەیە. من پێموایە ناچالاکی ئابلۆمۆف لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێمەدا هەر لە نێو ئەم مودیلە پێناسە دەکرێت. بەڵام لەم نێوانەدا شتێک وا ئابلۆمۆف بەرجەستە دەکاتەوە هەر هەمان کەڵکەڵەی بوونە ناسانەیەتی، واتە بەدەست هێنانی مانایەک بۆ ژیان کردن.
کەوابوو ئەو لەم زبڵەدانی بەکاربردنی کەلوڵەلی ئابوورییەدا کەناوی دونیایە هەرگیز ناتوانێ دەست بۆ کارێک ببات، چونکوو هیچ پاسیڤێک ناتوانێ وڵامی پرسیاری ئەو کەڵکەڵەیە بێت، ئیدی ئابلۆمۆف بۆ دۆزینەوەی مانای ژیان فڕێ دراوەتە نێو نوێنەکەی.

 
* لێکدانەوە، خوێندنەوە یان تەفسیری دەق بەرلە بەڕێوەبردنی بۆ ژیان کردنی دەق لەگەڵ زەینی ئەکتەرەکان زۆر پێویستە، لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی شانۆی ئابلۆمۆف‌دا ئێوە لە هەندێ کەسی ئاماتۆرتان لە کارێکی قورسی لەو شێوەدا کە ناواخنی فەلسەفی هەیە کەڵک وەرگرتبوو. لە دەورگێڕانی هەندێ لە ئەکتەرەکاندا هەندێ مەوداو لێنەگەیشتنی دروستی دەق لە دیالۆگ و کارەکاندا دەبینرا، ئایا ئەم نەبوونی هاوئاهەنگی بە گشتی نیشانەی یەکەم ئەزموونی دەرهێنەرییە یان نەبوونی کارئەکتەری پڕۆفێشناڵ لە کوردستاندا؟
– سەرەڕای روون نەبوونی پرسیارەکە پێمخۆشە لەبارەی پێوەندی گرتنی ئەکتەرەکان لەگەڵ دەق و ئێجرادا قسەیەک بکەم: ئێمە لە پرۆسەری بەرهەمهێناندا هەوڵمان دا تاکوو بەکەڵک وەرگرتنی شانۆیی‌تر کردنی فۆرمی ئێجرا مەودایەک لە نێوان ئەکتەر و رەوڵدا بەدی بێنین و لە قۆناغی دواییدا بەدوای گواستنەوەی ئەم شکڵە لە هەڵسووکەوت لە گرووپی ئیجراییەوە بۆ بەردەنگەکان بووین. ئامانجی گشتی ئێمە ئاشکراکردنی کەمایەسی و خاڵە بەهێزەکانی درو لێکدانی دژ بەیەک لەگەڵ دیاردە تاقانەکانەو لەسەر ئەو بڕوایەم بەبردنە سەرەوەی ئاستەکانی تاتریکاڵی ئیجرا کردنێک دەکرێ بەجێ هەست لۆژیک و ئەندێشەی بەردەنگ تووشی کێشە بکەین.

 
* کەڵک وەرگرتنی بەجێ و شیاو لە ئێکسسواریان گەڵاڵە دارێژی سەحنە، نوور، مۆسیقا، لەفۆرمە جوانەکانی شانۆی ئابلۆمۆف بوو، بەڵام لە گریم و جل و بەرگەکاندا نەبوونی هارمونی بە بەرچاو دەهات، بەڕای تۆ تایبەتمەندیی جوانیناسانە دەتوانێ پەنجەرەیەک بۆ وەرگرتن و تێگەیشتن لە دەقی دیالۆگ تەوەر بێت؟
– بە گشتی هەرفۆرمێک لە ئێجرادا بەدی بێت ئەبێ لە خزمەتی ئایدیای سەرەکی شانۆەکەدا بێت، ئێمەش لەم کارەدا بە هەڵسووکەوتی شێوە پەردازانەمان لەگەڵ ئایدیای هەڵسووکەوتمان کرد و تەنانەت هەشت جار لە پرۆڤەکاندا دەقەکەمان لێکدایەوەو ئاکامی ئەو لێکدانەوەو رەمزکردنەوەی دەقەکەمان لە برووشوورەکەدا هێنا، کە بەشێک لەوانە بریتییە لەو وتارانە کە بۆ یەکەم جار لە ئێراندا وەرگێڕاون و ناسێندران.
بەم هەمووەوە ئەوە لەبیر نەکەین کە ئێمە بڕیار وایە ئەندێشەکانی ناو رۆمانەکە بە کەرەسەیەک کە ناوی شانۆیە بیڵین، بەڵام لێرەدا گرنگی فۆرم دووهێندە دەبێتەوە و لەوێدا گریم، لەشی ئەکتەر، گەڵاڵە دارێژی سەحنەو ئاکسسوار، نوور، ریتم، مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بەرجەستە دەبنەوەو لە پاڵ دەق‌دا دەوێستن، تاکوو بەردەنگ ئەم ئێمکانەی هەبوو لەگەڵ ئابلۆموف بە بەیان کردنی شانۆییەوە بەڕەو روو بێتەوە.

 
* شکاندنی دیواری چوارەم سەحنەو هاتنی ئەکتەرەکان لەسەرەتاو کۆتایی شانۆەکەدا لە نێوان بەردەنگان لەوتەکنیک و ئەزموونە نوێیانە بوو لە شانۆی کوردستان‌دا، گەرچی مێژووی شانۆی جیهان و ئێران پێشتر ئەمەی ئەزموون کردبوو بەڵام ئێوە تا چەندە توانیوتانە بەم شێوەیە بەردەنگ لە شانۆدا بەشدار بکەن و لە دەقدا سوودی لێ وەرگرن؟
– بەڵێ هەر بەو شێوەیە کە‌ئاماژەت پێدا، ئەم ئەزموونە لە شانۆدا زۆر روویداوە، بۆ نموونە »میرهولد« لە ئێجراکانیدا شوێنی دانیشتەکانی تەماشاچیەکانی روون دەکردەوە تاکوو تەوهومێکی راستین وا لە شانۆدا باو بوو هەستی بینەرانی سەرقاڵی خۆی دەکرد تێکبدات.
کەوابوو ئەو رەوڵە نێرەمۆکییە کە تا ئەو دەم بۆ بینەران لەبەرچاو گیرابوو ئەبوو بە ئەزموونێکی چالاک و نوێ و ئەو دەیزانی ئەبێ رەوڵێکی کاراتر بگێڕێ (ئێمە نامانەوێ شانۆ لە ژیان نزیک بکەینەوە بەڵکوو دەبێ ژیان لە شانۆ نزیک کەینەوە)، بەڵام هەموو ئەمانە ئەبێ لە پێکهاتەیەکی رێک و پێک لە درێژەی دونیای شانۆدا لە پاڵ یەکتردا بێن.
بۆ نموونە بینەر لە هۆڵی چاوەروانیدا لەلایەن کەسایەتییەکانی ئەکاتۆنیوف (شوێن و ناوەندی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان) دەورە دەدرێن و خودی بەرهەمەکە وەکوو کاڵایەک بە بەردەنگ دەناسێنن و یان بانگهێشت کردن بەبێ دەنگی لە فەزایەکدا کە ئابلۆمۆف خەوتووە.