Bayan Azizi2 کوشتن لەسەر هیچ و بۆ هیچ خوێندنەوەیەک بۆ کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف
به‌یان عه‌زیزی: لە سادەترین پێناسە دا دەتوانین باس لەوە بکەیین کە «کوشتن لەسەر بنەمای شەرەف» جۆرێکە لە توندوتیژیی جنسی کە هەم پیاوان و هەم ژنان دەگرێتەوە بەڵام بە پێی ئامارەکانی unwomen زۆرترین رێژە واتە ٩٠% تاوانی کوشتن لەسەر شەرەف ژنان دەگرێتەوە نەک کوشتنی پیاوان. زۆربەی جار بەرامبەر بە کچانی لاو یان ژنانێک کە لە مێردەکانیان جیابوونەوتەوە و بە دەستی مێرد، باوک، برا و پیاوانی خزم یان نزیکەکانیانەوە ئەنجامدەدرێت. ئەم توندوتیژییانە بەدرێژایی مێژوو و لە زۆربەی کۆمەڵگە جیاجیاکانی جیهاندا هەبوون، هەر لە ئەوروپاوە تا کولتورەکانی ئەفریقا و باشور ورۆژهەڵاتی ئاسیاو ئەمریکای لاتین. میتوای گۆڵدێستۆن، توێژەری ئامریکایی باس لەوە دەکات کە کوشتن لەسەر شەرەف لە رۆمی کەون ئارادا رێزی لێگیراوە و لە سەردەمی حەموورابی و شارستانیەتی ئاشووردا کە دەگەرێتەوە بۆ ١٢٠٠ساڵ بەر لە مەسیحیەت، بوونی ژن پەیوەست بووە بە خێزانەکەیەوە و ئیزن دراوە بە پیاوان کە هەر ژنێکی لادەر لەم سیستمە بکوژن و ئەم کوشتنە شەرەف دەگەرێنێتەوە بۆ پیاوان و خێزانەکەیان. بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە کۆمەڵگەی کوردی و کولتورە ئیسلامیەکان لەم جۆرە توند و تیژییەدا تەنها نین و زۆر خەسڵەتی هاوبەشی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی هەیە لە نێوان ئەو شوێن و کۆمیونیتیانەی کە توندوتیژی و کوشتن لەسەر بنەمای شەرەف پیادە دەکەن، بەڵام سەرەڕای ئەوفۆرمە هاوشێوەیانەی ئەم جۆرە کوشتنە وا پێدەچێت کە رێککەوتنێکی یەکسان نەبێت لەسەر ئەوەی کە چی واتای «شەرەف» دەگەیێنێت و چ ڕەفتارێکی ژنان دەبێتە هۆی ئەوی کە ناوی زڕاندنی شەرەفی لێ بندرێت و ببێتە هۆی کوشتنی ژنان.

 
ئامارەکانی ساڵی ٢٠١۵
بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دیکەی دەزگا پەیوەندیدارەکان بە پرسی مافی مرۆڤەوە دەرکەوتووە کە ژمارەی کوشتن لەسەر شەرەف لە ساڵی٢٠٠٠ بەم لاوە لە حاڵی هەڵکشان دا بووە و کەمتر نەبۆتەوە. ساڵی ٢٠١۵ وڵاتەکانی پاکستان، تورکیا، هیند، عێراق بە کوردستانی باشوورەوە، بەنگلادیش، ئۆردۆن، فەلەستین و لوبنان زۆرترین رێژەی کوشتنی ژنان لەسەر شەرفیان هەبووە. هەموو ئەم وڵاتانە پەیماننامەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان واژۆ کردووە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، لە رێگای «سیدا»وە – کۆمیتەی ڕیشەکێشکردنی هەڵاواردن دژ بە ژنان – (پەیماننامەی ساڵی ١٩٧٩ بۆ نەهێشتنی هەمو شێوەکانی جیاکاری دژ بە ژنان) کوشتن لەسەر شەرەف گرنگ بووەوە و لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەقی ڕێککەوتنێک لەسەر تاوانەکانی شەرەف بڵاوکرایەوە. ساڵی ٢٠٠٢ ئەنجومەنی گشتی رێکەوتنەکەی پەسەند کرد بۆ کارکردن بۆ بنبڕکردنی تاوانەکانی دژ بە ژنان بەناوی شەرەفەوە )بڕیارنامەی ۵٧ / ١٧٩ ی نەتەوە یەکگرتوەکان (. پەیماننامەکە داوا لە دەوڵەتە ئەندامەکان دەکات کە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی شەرەف بکەن و ئەنجامدەران سزابدەن و و ئەو هەڵوێست و ڕەفتارەانە بگرنە بەر کە ڕێگە بە روودانی ئەو تاوانانە ببەستێت. سەرەڕای هەموو ئەو باسانە رێژەی کوشتن لەسەر شەرەف کەم نەبۆتەوە و دەکرێ هۆکارەکانی ئەم تاوانە لە بازنەیەکی لۆکاڵدا بدۆزینەوە.

 
مەترسیدار بوونی بابەت
مەترسییدار بوونی ئەم تاوانە لە چندین ئاستدا دەردەکەوێت: جۆراوجۆری پێناسەکردنی چەمکی شەرەف، سنوورەکان و هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە کە رەوتی تێگەیشتن و هەوڵ بۆ سڕینەوەی ئەم توند و تییژیە ئاڵۆزدەکات. لەهەمان کاتدا ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە تەواوی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە زۆرترین ئامارەکانی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەفیان هەیە ، کەمترین رادەی بەدواداچوونی یاسایی هەیە بۆ بکوژەکانی ژنان و پارێزگاریی کردن لەوان. لەم شوێنانەدا میکانیزم و مەحکەمە و بەربەستی پتەو نییە تابتوانێت بەر بەم توند و تیژییە دژ بە ژنان بگرێت یان لە دوای روودانی وەها تاوانێک ، بکوژەکان لە رەوتێکی یاساییدا بەرپرسیار بکاتەوە.
دژوار بوون و مەتریسدار بوونی ئەم توند و تیژییە کاتێک زیاتر دێتە بەر چاو کە ئێمە گومان پەیدا دەکەین سەبارەت بە رادەی واقعی و جۆرەکانی کوشتن لەسەر شەرەف و تێکەڵ بوون لەگەڵ چەمکی خۆکوژی ژنان. واتە لە “قتل عمد” لە لایەن پیاوێکەوە دەگۆردرێت بۆ” خۆکوژی” لە لایەن ژنێکەوە دەرحەق بە خۆی. لەم کاتەدا یان خودی خێزانەکان لە راپۆرتەکانی پۆلیسدا ئاماژە بەوە دەکەن کە قوربانی خۆی دەستی داوەتە ئەو کارە و گرفتێک لە ئارادا نەبووە یان پێشینەیەک بۆ نەخۆشی دەروونی و تەنانەت هەوڵی پێشووی خۆکوژی بۆ ژنان دروست دەکرێت. بەم شێوەیە کردەوەکە دەگەرێتەوە بۆ خودی ژنان و بکوژ بەدەرە لە ناسین و پرۆسەی مەحکەمە و بەدواداچووندا دەژی. شێوازێکیتر کە لە ئارادایە ، ئیعترافکردنی خودی ژنانی قوربانییە بەم کردەوە بە تایبەت لە دۆسیەکانی خۆسوتاندنی ژناندا. واتە ئەمە ژنانن کە یان لە ژێر زەبر و گوشاری خێزانەکانیاندا و یان لە بێ هیوایی بەرامبەر بە ژیان و ترسی چارەنووسی منداڵەکانیان باس لەوە دەکەن کە هیچ بکوژێکیان نییە و خۆیان دەستیان داوەتە ئەم کردەوە. دێکۆمێنت و کارکردن لەگەڵ قوربانیەکانی ئەم حاڵەتانە بەر لە مردنیان لە نەخۆشخانەکانی هەولێر و سلێمانی ئەم راستییە دەردەخات کە ژنان زۆر جار لە دوایین ساتەکانی ژیاندا رایانگەیاندووە کە بە دەستی پیاوێک کوژراون یان “ناچار” بە خۆکوشتن بوون. لە نموونەیەکدا قوربانی ،ژنێکی ٢٣ ساڵە کە دایکی دوو منداڵە لە نەخۆشخانەی هەولێر دوای ماوەیەک چاودێری پزیشکی وبێ ئاکامبوونی، بەر لە مەرگ گێڕایەوە کە مێردەکەی لە ناو حەمامدا نەوتی بەسەردا کردووە، پاشان ئاگری داوەتە دەستی و هەرەشەی لێکردووە کە ئەگەر خۆی نەسوتێنێت منداڵەکانی دەکوژێت. تاوانی ئەو ژنە تەنها شک و گومانی مێردەکەی بووە سەبارەت بەوەی کە لەگەڵ پیاوێکیتردا پێوەندی هەیە. ئەم حاڵەتە زۆرجار لە بەنگلادیش و هیند و پاکستانیش بینراوە. لە باری یاساییەوە گەلێک گرفت دێتە ئاراوە بۆ ئەوەی کە بکرێت جۆرەکانی تاوان لەم دۆسیانەدا لەیەک جیا بکرێتەوە. سیستمی داد و رەوتی یاسایی بەدوادا چوون و پارێزەر و سکاڵاکاری گشتی دژ بەم تاوانبارانە ئەوەندە لاوازی تێدایە و قوربانیەکان ئەوەندە بێ پشتیوانن کە ئەم ئامارانە روو لە زیاد بوونن.

 
zanan2 کوشتن لەسەر هیچ و بۆ هیچ هۆکارەکانی تاوان و پێگەی قوربانیەکان
بۆ ناسینی زیاتری ئەم توند و تیژییە بە گشتی دەکرێ لە دوو لایەنەوە ئەم باسە بخوێندرێتەوە؛ یەکەم ئەو هۆکارە دەروونی، کۆمەڵایەتی، یاسایی، ئابووری، ستراکچێری، ئایینی وفەرهەنگیانەی کە دەبێتە پاڵنەری پیاوان بۆ ئەنجامدانی وەها تاوانێک. دووهەم ئەو پێگەی کە ژنی قوربانی تێدایە و تاوانی دەرحەق دەکرێت.

 
یەکەم:
– بۆ ناسینی هۆکارەکان دەبێ ئاوڕ لەو توێژینەوە و وتار و باسانە بدەینەوە کە لە وڵاتانی دیکە سەبارەت بە کەسایەتی دەروونی تاوانباران و هۆکارەکانی ئەنجامی وەها توند و تیژییەک کراوە. بۆ نموونە توێژینەوەکانی Barnett & Hamberger,1992) (و هەروەها Fajenzyiber , 2000) ئەوەمان پیشان دەدەن کە زۆربەی تاوانباران بەر لە روودانی کوشتن، چەندین جار هەرەشەیان لە قوربانی کردووە یان کردەوەی توند و تیژییان هەبووە، کەسایەتیەکی ناجێگر و نائارامیان بووە، نەخوێندەواری،هەژاری،عوقدەکانی خودبەکەم زانین و پێشینەی توند و تیژی لەسەردەمی منداڵییدا و هەروەها بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر یان خواردنەوەی ئەلکۆل لەواندا لەرێژەیەکی زۆردا بیندراوە. لەتوێژینەوەیەکی دیکەدا Bernard و هاوکارەکانی بە ئەنجامدانی تاقیکاریی MMPI ئەوە پیشان دەدەن کە ئەم کەسایەتییانەبەئاسانی توڕە دەبن و کۆنترۆڵی کردەوەکانیان لەدەست دەدەن. کاتێک وەها کەسێک لە کۆمەڵگەیەکدا دەژی کە چەمکی “شەرەف” بەستراوە بە ژن و کەسایەتی و ژیانی ئەوەوە، دیارە کە هاندەری کوشتنی هەیە. بۆ زانینی ئەم فاکتەرە لە کۆمەڵگەدا، ئێمە دووبارە تووشی لەمپەر و گرفت دەبین لەبەر ئەوەی کە تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو وزانستی لەسەر کەسایەتی تاوانباران نەکراوە.
– هۆکاری کۆمەڵایەتی: ئەم بابەتە دەورێکی گرنگ دەبینێت لەتاوانی کوشتن لەسەر شەرەف. پێناسەی تاوان یان توند و تیژی یان شەرەف بە ئاسانی لەکۆمەڵگەیەکەوە بۆ ئەویدی دەگۆڕدرێت. بە گشتی بابەتی شەرەف لەم کۆمەڵگەیانەدا چەمکێکی پەیوەستە بە پیاوانەوە کە ئەندامانی خێزان و عەشیرە و کار و کەل و پەل و شوێنی ژیانیان دەگرێتەوە . لەم ناوەدا و لە ژێر کاریگەریەتی باوەری باوکسالارانەدا، ژن بەشێکە لەم موڵکە و هەرجۆرە لادانی ئەو لە یاسا و نەریتەباوەکان (لە مل کەچی بەرامبەر بە زەماوەندی زۆرە ملییەوە بگرە هەتا بەکارهێنانی مۆبایل یان جیابوونەوە) بەواتای بەزاندنی سنووری شەرەفە و سزایەکی قورسی بەدواوەیە و کوشتنی ژن گەڕاندنەوەی وەها شەرەفێکە. ئەم بیرۆکە دەبیتە باوەرێکی گشتگیر و چەق بەستوو لە ناو خێزانەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و هەربۆیە بە تایبەت لە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کوشتن لەسەر شەرەف پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە.
– هۆکاری یاسایی: سیستمی یاسا و داد هەم لە شێوازی دەقی دارێژراو و هەم میکانیزمەکانی بەرێوەبردنی یاساکاندا دەتوانێت رۆڵێکی بنەرەتی هەبێت. وەک نموونە لە مادەی ١٣٠ و هەروەها ١٣١ ی یاسای عێراقی ساڵی ١٩۶٩ باس لەوەدەکات هەرکات پیاوێک هەرکام لە “مەحرەمەکان”ی خۆی لە کاتی تاواندا ببینێت یان گومانی نزیک بە راستیی لێبکات و ئەو ژنە بکوژرێت، ئەو پیاوە سزای لە سێدارەدانی نییە و نابێ زیاتر لە سێ ساڵ زیندانی بکرێت. لە یاساکانی ئێراندا مادەکانی٣٠٢ پەسندکراوی ١٣٩٢ و هەروەها مادەی ١٧٠ پەسندکراوی ١٣٠۴ کە رێگەی کراوەی داناوە بۆ کوشتنی ژنێک بە دەستی مێردەکەی ،هەڵبەت ئەگەر پیاو بە چاوی خۆی زیناکردنی ژنەکەی بینیبێت. لە پاکستان یاساکانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ بە ناوی یاساکانی ضیاالحق، بەئاشکرا ئاماژە بەوە دەدات کە ژنان هاوڵاتی پلە دووهەمن و هەڵاواردنی ئابووری،کۆمەڵایەتی و خێزانی لە ناو مادە یاساییەکاندا نووسراوە. هەروەها لە یاساکانی وڵاتی بەنگلادیش مادەی ٢٠٧ پەسندکراوی١٩٩١ ئاماژە بەوە دەدات کە هیچ پیاوێک بە توانی کوشتنی ژنەکەی لەسەر شەرەف سزای زیاتر لە ۵ساڵی نییە. گەلێک نموونەی یاسایی هەیە بۆ وەها بارودۆخێک .
– هۆکاری ئابووری: ژنان لە ناو سیستمی کار و ئابووری کۆمەڵگەدا خراونەتە پەراوێزەوە ودابەشکاریی دەرفەتەکانی دەست گەیشتن بە ئیمکانیاتی کارکردن بۆ ئەوان زۆر کەمترە لە پیاوان. ئەم ناعەداڵەتییە و وەها پرۆسەیەکی مێژوویی وای کردووە کە ژنان لە باری موڵکایەتی و بەرهەمهێنان پەیوەست بن بە پیاو. کاتێک سەربەخۆیی ئابووری و دابەشکاریی یەکسانی رۆڵە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان لەئارادا بێت، ژن ئیمکانی ئەوەی هەیە کە لەو بازنەی توند و تیژییە رزگار بێت و بتوانێت لە ژێر سەیتەرەی پیاودا نەمێنێتەوە. کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف بەرجەستەبوونەوەی ئەم مالکییەتەیە کە هێزی ئابووری،کۆمەڵایەتی و تەنانەت دەروونی ژنانی بۆ خۆی مۆنۆپۆل کردووە. فێمینیزمی چەپی مارکسیستی ئەم هۆکارە بە بنەمای توند و تیژی دژ بە ژنان دەزانێت. هەڵسەنگاندنی کەیسی تاکیی زۆرێک لە قوربانیەکانیش پیشاندەری بێ پشتیوانیی ئابووری، رێژەی زۆری نەخوێندەواری و بێ کاری و مانەوەی ژنانە لە ناو ماڵەکانە. زۆرجاریش حاڵەتەکانی کوشتن لە دوای خۆرزگارکردنی ژنانە لەو بازنەیە و دۆزینەوەی کار و دروستکردنی ژیانی سەربەخۆ کە پیاوەکان هان دەدات بۆ کوشتنی ئەم ژنانە.
– هۆکاری ستراکچێری: ئەم فاکتەرە کاریگەریەتی دادەنێت لەسەر رادە و جۆری کۆمەڵگە ورگریی کەسەکان و چوارچێوەی فکری ئەوان دیاری دەکات. سیستمی پەروەردە و راهێنان، سیستمی خێزان، گروپی هاوسانەکان و هاو تەمەنەکان و هەروەها میدیا دەورێکی بنەرەتییان هەیە لە پێناسەی چەمکی ماف، شەرەف یان جێندێردا. کاتێک کە ئەم ستراکچێرانە بۆ قبووڵکردن یان ئەنجامدانی توند و تیژی دژ بە ژنان یەکتر بەهێزتر بکەن ،دیارە رادەی کوشتن زیاد دەکات و هەرکام لە تاوانبارەکان دەتوانن لە ناو ستراکچێرێکدا خۆیان حەشار بدەن یان پاساوی لێوەرگرن.
– هۆکاری فەرهەنگی: جۆری پێوەندی لە ناو خێزاندا لە چوارچێوەی فەرهەنگ، مێژوو یان جوغرافیایەکدا شکڵ دەگرێت. یەکێک لە باسەکانی باوی فەرهەنگی سەبارەت بە خێزان، نهێنی بوون و تایبەت و پارێزراوبوونی ئەم فەزایەیە. راگرتنی کەسەکان لەوەها بازنەیەکدا و شاردنەوەی هەر زانیارییەک سەبارەت بە خێزان وادەکات کە تاوان بشاردرێتەوە و سیستمی” شاراوەیی و حەشاردانی تاوانبار” بەردەوام بمێنێتەوە. چەمکی شەرەف تارادەیەکی زۆر گرێدراوی ئەم تایبەت بوونەی خێزانە. فێمێنیزمی سوسیال رەخنەیەکی توند ئاراستەی لیبێرالەکان دەکات کە بە تاک و تایبەت کردنی دەڤەری خێزان وادەکات کە بەرامبەر بە ستراکچێری دەسەڵاتی پیاوانە لە خێزاندا و موڵکایەتی پیاوان بەرامبەر بە ژنانی خێزان بەرهەڵستێک نەبێت و هەربەو شێوەیە بازنەی سواوی توند و تیژی دژ بە ژنان بسوڕێتەوە. کەیسی زۆربەی تاوانبارەکان ئەوەمان پیشان دەدات کە هەر ئەم خێزانە و عەشیرە و تایەفەیە کە تاوانبار دەشارێتەوە و تەرمی قوربانی فرێ دەداتە دەرەوەی خێزانەکەی.

 

دووهەم؛ ژنی قوربانی، هۆمۆساکێر
رەنگە رێژە و ژمارە و روخساری بکوژەکان و جۆری کوشتن لەسەر شەرەف لە کۆمەڵگەکاندا گەلێک جیاواز لە یەک بن، بەڵام بێ گومان قوربانیەکان تارادەیەکی ترسێنەر لەیەک دەچن. هەزاران ژنی کوژراو لەسەر ئەم چەمکە پێگەیان هاوشێوەی یەکترە. ئەوان نەک هاوڵاتی بەڵکوو هۆمۆساکێرن. چەمکێکی یاسایی سەردەمی رۆمی کەون ئاراکە پامپیۆس فێستووس ئاماژەی پێدەدات و باس لەوە دەکات کە بابەتی گرنگ ئەمەیە” قوربانی کردنی ئەم مرۆڤە رەوا نییە، بەڵام کەسێک کە بیکوژێت ناچێتە مەحکەمەوە و سزا نادرێت.” ئەم چەمکە خۆی پیشاندەری سنوور-چەمکێکە. بکوژەکان لە زیندان رزگار دەبن یان هەرگیز نادرێنە مەحکەمە یان دەشاردرێنەوە، سیستمی پۆلیسی و ئەمنی ئەو شوێنانەش لە کاتی قەومانی وەها تاوانێکدا یان ئامادە نین یان بەڵگەکان بزر دەبێت. ژیانی رووت ، ئەو چەمکەی کە ئاگامبێن بەکاری دەبات لەم کاتانەدا دەردەکەوێت. ژیانی ئەم ژنانە تائەو شوێنە دەپارێزرێت کە لە کۆنترۆڵ و ئیختیاری حاکم، دەسەڵاتدار یان یاسا و خاوەنی دەسەڵآتدا بێت. ئەم هەزاران ژنەی کە ساڵانە قوربانی دەکرێن هاوڵاتی نین، بوونەوەرانێکن کە دەڵێی هەرگیز نەبوون.