شنبه, ۰۲ بهمن ۱۳۹۵

درباره ما

Close
آخرین خبر با عنوان ، حل مشکلات چهار طرح و واحد صنعتی کردستان در دولت در 12 ساعت قبل منتشر شده است .
»   فرهنگ و هنر, مقالات  »   بەرەی چوار؛ شیعری دۆزەخ
484 views
۲۶ تیر ۱۳۹۵ , ساعت ۲۳:۴۹
بەرەی چوار؛ شیعری دۆزەخ

بەرەی چوار؛ شیعری دۆزەخ

 بەرەی چوار؛ شیعری دۆزەخ

ڕەزا عەلی‌پوور: ۱– کاتێک لە بەرەی چوار دەدوێین لە چی دەدوێین؟ پێگەی چوارەم، شیعری ناشوێن، شیعری شار، شیعری دۆزەخ، هەموویان ناوانێکن بۆ میسداقگەلێکی سەیال. بەرەی چوار؛ دالێکی بزۆزە لە تێرمینۆلۆژیای شیعری ڕۆژهەڵاتدا، هەندێکەس دەیانهەوێ خۆی پێوە هەڵبواسن و هەندێکیش دەیانەوێ دەبەنگانە حاشای لێ بکەن. سەرتر و بەدەر لە ناوەکەی، کۆمەڵە شاعیرێک خۆیان نزیک و سەر بەو ڕەوتە دەزانن و وەک دەق و کتێب بوونی بەرچاوی هەیە. پێداگریم لە سەر ناوەکەی نییە، بۆ خۆم کاتێک ئەم ناوەم هەڵبژارد، ناوێکی کاتی بوو بۆ جۆرە دەقێک کە پاش سێ ڕەوتی شیعریی ڕۆژهەڵات دەنووسرا (بە پێی دابەشکارییەک کە کردبووم واتە؛ سوارە و سوارەیی، سیاسەت بردە و ئایدیۆلۆژیک، نێوەنجی و بەینابەینی). ناوێک بۆ دەقانێک کە گرنگترین خاڵیان لە ڕووی ماهیەتەوە گرنگیدان و سەر لەنوێ پێناسەکردنەوەی زمانی شیعر بوو، بە کاریگەری وەرگرتن لەو دیاردەیەی ناودێرە بە وەرسووڕانی زمانی و تیۆرییە ئەدەبییە نوێیەکان. لە ڕووی پێگەشەوە تۆپۆسێکی سەربەخۆتر، هەوڵی سەربەخۆ بوونی دەقی ڕۆژهەڵات لە فارسی و باشوور و گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان و دەقی جیهانی و تیۆرییە ئەدەبییەکان. لێرەوە بەرەی چوار پێش ئەوەی ناو بێت بۆ بەردەوامی، ناو بوو بۆ دابڕان، دابڕانێک بەرەو نادیار و دیستۆپیا.

 

۲– هەر چەشنە باسکردنێک لە بەرەی چوار لە ڕوانگەی تەکنیکەوە، بەدەر لە دابەزاندنی ئەو دەقانە، نیشانەی تێنەگەیشتنە لە چییەتیی گۆڕانکارییەک کە لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی دەیەی ١٣٧٠ ی هەتاوییەوە لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێ کرد. ئەو جووڵەیەی کە دواتر ناوی بەرەی چواری لێ نرا، پێش هەموو شتێک نەک بەرهەمی گۆڕانکاریی تەکنیکی، بەڵکوو نیشاندەری گۆڕانێکی پارادایمی بوو لە شیعری کوردیدا. بۆیە کاتێک دەتوانین بە شێوەی کۆنکرێت لە سەر تەکنیک بدوێین کە لەو گۆشە نیگایەوە بڕۆینە ناو ئەو شیعرانەوە.
باسکردن لە چیەتیی ئەو پارادایمە باسکردنە لەو ئێنڕژییەی کە لە دەیەی حەفتای هەتاوییەوە لە چەندین بواری دیکەشدا، بە تایبەت ڕۆژنامەنووسی و تیۆری ئەدەبیدا دەتەقێتەوە. لەو ساڵانەدا بەرە و نەسڵێک دەرگایان لێ دەکرێتەوە کە ئەزموون بکەن و هەر ئەم ئەزموون کردن و یاخی بوونە بەرهەمی کەڵەکە بووی ساڵانێک وزەی سەرکوت کراوە کە لە حاڵەتی هێزەکییەوە دەبێتە کردەکی. سەبارەت بە شیعر دیارە لە شیعردا هیچمان نییە جگە لە پەیڤ، جگە لە زمان، کەواتە ئەوەی ڕووی دا لە لۆگۆسدا بوو، یان دەبێ لەوێدا بێ.

 

۳– ئەگەر ناچار بین گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەو پارادایمە باس بکەین دەبێ بڵێین ئەدەبیاتێک کە بە ناوی شیعر لە پێگەی چواردا ڕوو دەدات، لە سەر ئەساسی گۆڕینی ئاگایی و نیگا (واتە ڕوانگە و وێژمان) وەستاوە نەک لە سەر ئەساسی تەکنیک. گۆڕانێکی ترۆماتیک و زەبر بەرکەوتوو، کە شاعیر لە بواری مەعریفییەوە تێدەگات کەوتۆتە دۆخێکی ناسەقامگیری مەعریفی و نا- زەمەنێکی کایرۆسەوە، کەچی ناچارە بە کاتی “زمان”ەکەشی هاوچەرخ بێت. تێدەگات ئیتر نە گوند و نە شاخ داڵدەی ئارامیی ئەو نادەن و ناچارە بودلێرئاسا تێکەڵ بە ئاپۆرەی شار، تاکێتی و شکستەکانی خۆی بنووسێت. تێدەگات گەر سووژەش بێت سوژەیەکی لەت و کوت و پارچە پارچەیە و سترەکتۆرەکان، سترەکتۆری کۆمەڵایەتی، زمان، شوناسسازی و… گەمارۆیان داوە، بۆیە لەوان و دژ بەوان دەنووسێ. تێدەگات جوانی، چیدی وەک جاران جوان نییە، دەزانێ لە ناو دزێوی و شەڕیشدا بەشێک لە “جوانی” هەیە. تێدەگات بەهەشت بۆ ئەو هیچ، واقێعیش وەک واقێعی بوونی نییە و لە بەرزەخی وەهم و واقێعدا دۆخێکی دۆزەخاوی دەژی. هەروەها تێدەگات دەبێ لە کردەیەکی پارادۆکسیکاڵدا هەموو ئەمانە لە زماندا و بە زمان و لە گوزەری زمانەوە و لە دژایەتیی پارۆڵە جێکەوتووەکانی ناو زمان، نیشان و نمایش بدرێن و ئیجرا بکرێن. لێرەوە بەم ئاگاییە نا- شادەوە، گۆڕانی دیدی شاعیر بۆ زمان و دیاردەگەلی هەڤپێوەند، دەبێتە گۆڕانی ڕۆڵی زمان کە بە ناچار گۆڕان لە کارکردی زمانی لێ دەکەوێتەوە. واتە ئەمە گۆڕان لە زمانی شیعر و خودی زمانە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵیک یاریی زمانی و تەکنیک و وێنەی زمانی بە دی بێت نەک بە پێچەوانەوە. بۆیە کەسێک کە بە ژێستێکی بەتاڵەوە کۆی شیعری بەرەی چوار دەبەستێتەوە بە زمان شکێنی، یان چەند دەنگییەوە و چەند دەنگیش تەنها بە ڕیالیزمی زمانی دەبینێ، دەرخەری ئەوەیە لە پێگە و ئاستەکانی گۆڕانکاریی ئەو دەقانە و توانستە هێزەکییەکانی تێنەگەیشتووە.

 

۴– دەستبردن بۆ هەندێ پرسی دەرە شیعری، بە دەنگ دەرهێنانی هەندێ پەراوێزی بێدەنگ و تەنانەت جڤاتی هێشتا نەهاتوو، نمایشی هەندێ فیگۆری نامۆ و ژێستی پەرت و تێکشکاو، ئیمان هێنان بە پارادۆکسیکاڵ و ئاڵۆز بوونی جیهانی زەینی و عەینی و ئاراستە کردنی فۆرمگەلی گران و چەشناوچەشن، تاقی کردنەوەی هەندێ شێوە دەربڕین و فۆڕمی ناباو، ڕاکێشانی زمانی کوردی بۆ هەندێ کەلەبەر و بواری نا ئاشنا و تەریک و فەرامۆش کراو، ئاراستەکردنی مۆسیقا و ڕیتمگەلی غەریب و… لە کۆی ئەمانە مەودایەک دەمی کردەوە کە پڕ بوو لە دژوازی و پارادۆکس، ئیدی وشەکان و چەند پاڵوو بوونیان، ڕوو لە خۆ بوونی شیعر، بە سەر خۆدا چەمانەوەی وشە، بە مەبەست بینینی زمان و… وای کردبوو نە دەکرا چیدی زمان ئامرازانە ببینرێ. لێرەوە زەینی سادەساز و ڕۆمانتیک، تاوشت و تەحەموڵی ئەو دەقانەی نەدەکرد. بۆیە یان بە شێوەی ڕەها ڕەتیان کردەوە، یان هەندێ لە شاعیرانی پیشووتریش ویستیان خۆیان لەگەڵ ئەو گۆڕانەدا ڕێک بخەن، بەڵام هەوڵدان بۆ بازدان بە سەر ئەو خەرەند و مەودایەدا، یان خۆهەڵواسین بەو دەسکەوتانەدا بۆ زمان و زەینی ڕانەهاتووی هەندێ لەو شاعیرانە، قورس بوو، بۆیە بووە هۆی ئەوەی هەندێ دەقی ساختە و بێ توانست لەو هەوڵە نەزۆکە بکەوێتەوە. خافڵ لەوەی کە ئەمە وەرگرتن و ڕیزکردنی ئەو تەکنیکانە نییە دەقێکی ئەمڕۆیی دەخولقێنێ، بەڵکوو بەدەر لەوەی دەبێ هەڵگری ئەو ئاگاییە تراژیکە بێت کە باسمان کرد، چۆنیەتیی لێک گرێدان و بە مەنزوومەکردنی ئەوان پێکەوە دەتوانێ باڵانسی دەق ڕابگرێت.

 

۵– لە دوو ڕوانگەوە دەکرێ سەیری شیعری پێگە و ڕەوتی چوار بکرێت؛ ڕوانگەی هەراو یان زۆرینە، ڕوانگەی کەمینە. لە ڕوانگەیەکی هەراودا دەتوانین کۆی ئەو سەلیقە جیاوازە شیعرییانەی وا بە ناوی شیعری بەرەی چوار، شیعری جیاواز، نوێترخواز و شیعری شێت و شیعری زمان و… دەنووسرێن بخەینە ناو ئەو پێناسەیەوە. لەم پێناسە بەربڵاوەدا دیارە لەگەڵ بۆتیقایەکی هاوبەشدا بەرەوڕوو نین و ڕووکردگەلێکی ستاتیکایی جیاواز دەبینرێن. بەڵام هاوکات لە چەند پارامێتردا هاوبەشن؛ ئەوەی کە زمان و فۆرم ئەولەوییەتی بە سەر دەقی مەدلوول تەوەر و ناوەرۆک خوازی پێشوودا هەبێ. ئەوەی کە شیعری پێش نیوەی دووەمی حەفتا پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە. ئەوەی کە پێیەکی قورس و قایم بۆ ئەدەبیات و شیعری ڕۆژهەڵات دابنرێت. ئەوەی کە دەق نەبێتە پاشکۆی جیهانی واقێع. ئەوەی کە چیدی ناتوانین بە جیهان و زمانی پاستۆڕاڵەوە دەرەقەتی ئەم کەشە نوێیە بێین و… لە ڕوانگەی کەمینەدا کەسانێک و دەقانێک دەبینین کە جگە لەو فاکتۆرانە، وێڕای داننان بە نامومکین بوونی شیعر لەم سەردەمەدا، بە شێوەی پارادۆکسیکاڵ شیعر بوونی دەق بۆیان گرنگە. هەروەها تێکشکاندنی بنەڕەت و بن بونیادە زێهنی و ماناییەکان، بەتاڵ کردنەوەی چەمکەکان لە مانا و گێڕانەوە پێشووە ئەخلاقییەکان، دژبەربوونی گوتارە چەقبەستووە شیعرییەکان، سوود وەرگرتن لە ئیمکاناتی ژانرەکانی دیکە و… هاوکات دیاریکردنی جیاوازیی خۆیان لەگەڵ ڕوانگە هەراوەکەدا. بۆ وێنە (تاقە وەک نموونەیەک) ئەگەر لە ڕوانگە هەراوەکەدا شاعیرێک بانگەشە دەکات و دەڵێ من پێرسۆنا دەنووسم، چۆن نالی سەیری حەبیبە دەکات هێشتا ئەویش وا سەیری مەعشووقەکەی دەکات، بەڵام لە لای ڕوانگەی کەمینە، چونکوو پێیوایە پێوەندییەکانی وەبەرهێنان گۆڕدراوە، لە گەڵیدا هەموو پێوەندییە مرۆییەکان و پێوەندیی سۆزداریش سەر لەبەر دەگۆڕدرێ، بۆیە پێرسۆنا (دژە پێرسۆنا)یەکی یەکسەر جودا و ناو دەقیمان بۆ دەردەخرێ. یان لای بەشێکی بەرچاوی شاعیرانی ڕوانگە هەراوەکە (کە بە لای منەوە زۆربەیان بە نێوەنجی و بەینابەینی پێناسە دەکرێ) لە حاڵەتی زێدەڕۆیانەدا و بە تێکشکاندنی هەموو جومگەیەکی زمانی شیعری (بێجگە لە میکانیکی کردنەوەی دەق)، لە ناخوئاگای خۆیدا دەریدەخات کە هێشتا زمان وەک ئامرازێک دەبینێ، نەک بوونەوەریکی بزۆز و ئورگانیزمێکی زیندوو، بە پێچەوانەی شاعیری کەمینە.

 

۶– لە هەر کوێوە سەیری بەرەی چوار بکەین؛ بێ ئەوەی تووشی وەهم ببین، وەک ماشینێکی مەیل ئاژۆی دۆلۆزی دەردەکەوێ. ماشینێک کە دژ بە سەقامگرتووەکان و تەنانەت خۆیشی هەڵدەسووڕێ. شیعری دیستۆپیا و دۆزەخیی بەرەی چوار بە هەموو لاوازی و خەسارەکانییەوە (کە دیارە پێویستیە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت) و بە هەموو دژبەر و نەیارەکانییەوە تا ئێستەش لە سەیروورەت و ڕەوتدایە. دەجووڵێت و کاراکتەری خۆی بەرهەم دەهێنێت و تێکیان دەشکێنێت و تەنانەت دەنگی شاعیرانەیی و شاعیر دەباتە ژێر پرسیار. بۆیە ئاساییە بڵێین دەنگی شیعر و شاعیر یەک نین و لە باتیی ئاماژە بە ویستی شاعیر، پێرفۆرمانس و دژە گێرانەوەی شیعر و هەروەها لە باتیی نواندنەوە، نواندن و نمایش گرنگتر دەبێت.
لێرەوە ئاساییە کەسانێک لە ئیمکاناتی ئەم شیعرە دۆزەخییە سوود وەربگرن و پاشان بە لەعنەتیشی بکەن، بەڵام خوێنەر و ڕەخنەگری زیرەک دەزانن کە کام دەقانە پشتاوپشت بەرەی چوارین. پێمان خۆش بێت یان نا، شیعری پێگەی چوار کۆمەڵێک ئیمکاناتی جیاواز دێنێتە ناو شیعرەوە و لەوەش گرنگتر کۆمەڵێک قورسایی و ئیمکانیش لە سەر شانی فڕێ دەدات. ڕەنگە باشتر وایە بڵێین زیاتر لەوەی ئیمکان بە شیعر زیاد دەکات لێی کەم دەکاتەوە ئەم کەم کردن و سووک کردنە (بە دوو مانا)، قەدەری هەموو هەوڵێکی نوێخوازانەیە. ئەوەی حاشا لە دەسکەوتەکانی ڕەوتی چواری شیعری دەکات، ئەگەر نەڵێین غەرەزدار و مەرەزدارە، نەخوێندەوارە، چونکوو هەر ئەو دەقانە گیانێکی تازەیان کردەوە بە بەری شیعری بێ بڕست و نیوەگیانی ڕۆژهەڵاتدا. بەدەر لەوەی کارگێڕان و شاعیرانی ئەو دەقانە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کۆڕەکاندا لەگەڵ کۆمەڵە کەسێکی دیکە بارێکی قورسیان لەسەر شان نابوو کە زمانێکی تازەی ئەدەبی بهێننە ئاراوە و تەوزیحی دەقی خۆیان بدەن. چ وەک دەق و چ وەک باسگەلی تیۆریکی شیعری، کاریگەریی شیعری بەرەی چوار تەنها لەسەر شاعیرانی لاو و دوای خۆی نەبوو، بەڵکوو گۆڕانێک لە زمان و شیعری کوردیدا ساز کرا کە نەدەکرا و ناکرێ بگەڕێینەوە بۆ پێشتری. چ ئیمکان و دژە ئیمکان لە درێژەی یەکدا ببینین یان نا، تا ئێستەش زۆربەی پێشنیارەکانی شیعری ڕەوتی چوار تا بنەتای خۆیان سەرف و جێبەجێ نەکراون، هەر ئەمە گرنگترین پوتانسیەلە کە لە بزۆزیی خۆیەوە بە دەڤەری دیکە بگات.

مطالب مشابه:

«بەرەی چوار»، شێعری لادان و سەیروورەت
حه‌مه‌ی که‌ریمی: 1) دوابەدوای گۆڕانکارییەکانی نیوەی دووەمی حەفتاکان و ئەو کەشە فکری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە ئێران و رۆژهەڵاتی گرتەوە، دەرەتانێک درووست بوو بۆ ئەوەی ...

ارسال پاسخ یا نظر

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.


  • پذیرش آگهی در هیوانیوز

  • تلگرام هیوا نیوز